دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی “تەنگیسەر”

٢ خەرمانان ٢٧١٧، ١٩:٤٦

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران. لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٨ هاووڵاتیی خەڵکی سنە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەمرۆ پێنج شەممە ٢ی خەرمانان، هێزە ئەمنیەکانی ئێران دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “تەنگیسەر” سەر بە شاری سنەیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری “هەنگاو” ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاندووە؛

١ـ دانش عەبدی کوڕی نێعمەت

٢ـ مازیار مەحەممەدی کوری مەحموود.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە نەزانراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ پاسگای گوندی نیەر گوازراونەتەوە.

حەفتەی ڕابردووش ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “مێراو”ی سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە وکردییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون، کە چارەنووسی ٤ کەسیان نادیارە و دوو کەسی دیکەیان ئازاد کراوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ١٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستتبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە