کوردستان / کوژرانی ٢١ ژن لە ماوەی یەک ساڵدا

٤ خەرمانان ٢٧١٧، ٠١:١٨
هەنگاو: لەماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا ٢١ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی کەس و کار و یان خزمانی نزیکی خۆیان کوژراون کە زۆربەیان لە ژێر ناوی "پاراستنی شەرەف" بووە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ، تەرمی ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی گوندی "بوبەکتان"ی سەقز دۆزرایەوە. پاش چەند ڕۆژ دەرکەوت کە ناسنامەی ئەو ژنە "کورتە"یە و بە دەستی براکەی کە مەلایەکی ئایینییە لەژێر ناوی "پاراستنی شەرەف" کوژراوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا ٢١ ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی کەس و کاری خۆیان کوژراون کە زۆربەیان لە ژێر ناوی "پاراستنی شەرەف" بووە و بە دەستی برا، باوک و یان هاوژینەکانیانەوە کوژراون. نێونجی تەمەنی ئەو ژنانە لەنێوان ٢٠ هەتا ٤٧ ساڵ بووە کە ١٦ حاڵەتیان لە ڕیگای بەکارهێنانی چەقۆ و چەک کوژراون. زیاترین حاڵەتی کوژرانی ژنان لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە ٩ حاڵەت بووە و کەمترینیش لە پارێزگای ئیلام تۆمارکراوە کە ٣ حاڵەت بووە. هەروەها لە پارێزگای کرماشان ٤ حاڵەت و لەپارێزگای سنەش ٥ حاڵەتی کوژرانی ژنان تۆمار کراوە.   بەکارهێنانی ئەم ئامارە بەمەرجی هێنانی ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە