چارەنووسی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت پاش ٧٠ ڕۆژ نادیارە

٤ خەرمانان ٢٧١٧، ٢٢:٥٧
هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت کە نزیک بە دوو مانگ پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، ئەو کۆڵبەرە بە ناوی "خالق خالە" ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کەوتنە بەر پەلامار و  لەوکاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە. لەو پەلامارەدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "سیروان عەزیزی" بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست دابوو. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە جەندین جار داوای ناوەندە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام هیچ ناوەندێکی ئەمنی وڵامێکی سەر ڕاستی پێیان نەداوەتەوە. ئەو خێزانە تەنانەت چوونەتە باشووری کوردستان و لەوێش بە شوێن چارەنووسی کوڕەکەیانەوە بوون. خالق خالە تەمەن ٢٢ ساڵ و دانیشتووی شاری سەردەشت بووە کە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی لەڕووی ناچارییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و ڕووی لە کۆڵبەری کردووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە