دەستبەسەرکرانی ٤٩ هاووڵاتیی کورد لە یەک مانگدا
٩ خەرمانان ٢٧١٧، ١٩:٠٨
هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەند ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. بە شێوەیکی نێونجی هەر دوو رۆژ سێ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، لەماوەی مانگی ئاگۆست (ئاب) هێزە ئەمنییەکانی ئێران لانیکەم ٤٩ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ٢٣ کەس لەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی سیاسی، ٣ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی و کەسێک بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٢٢ کەس لە دەستبەسەر کراوانیش کۆڵبەر بوون.
لە کۆی ئەو دەستبەسەر کراوانە، ٢٥ کەس خەڵکی سەردەشت،٩ کەس خەڵکی شنۆ، ٩ کەس خەڵی سنە ،٣ هاووڵاتی خەڵکی تیکاب، ٢ کەس خەڵکی مەهاباد و کەسێکیش خەڵی قوروە بوون.
هەروەها ٣٠ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە بەتایبەت ٢٢ کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت و ٣ چالاکی مەزهەبی خەڵکی تیکاب ئازاد کراون و ١٩ کەسی دیکە کە سەرجەمیان بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسیان لە بەر دەستدا نیە.