بە پیلانی نوینەرێکی پەرلمان کارناسیکی زانستە سیاسییەکان دەستبەسەر کرا +وێنە

١٦ خەرمانان ٢٧١٧، ٠٣:٢٧

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنی شاری جوانڕۆ بە هۆی پەروەندە سازیی نوێنەری هەورامان لە پەرلمانی ئێران لەلایەن هێـزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی چالاکێکی مەدەنی بەناوی ”وەلی سەلیمی“ تەمەن ٣٨ ساڵ و دەستبەسەریان کردووە.

وەلی سەلیمی خاوەن بروانامەی ماستەری زانستە سیاسییەکانە و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی شاری جوانڕۆیە کە سێ ڕۆژە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری جوانڕۆوە بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە وەلی دوای پەروەندە سازیی شەهاب نادری نوێنەری شارەکانی روانسەر، پاوە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی لە پەرلمانی ئێران دەستبەسەر کراوە.

وەلی سەلیمی ڕۆڵی بەرچاوی لە ئاشکرا کردنی تاپۆکرانی گردی ”اللە اکبر“ی شاری جوانڕۆ لەلایەن شەهاب نادری نوێنەری هەورامان لە پەرلمانی ئێران هەبووە.

جۆزەردانی ئەمساڵ سوپای پاسداران لە گرێبەستێکی  گوماناوی گردی ”اللە اکبر“ی شاری جوانڕۆی ڕادەستی شەهاب نادری کردبوو و دەوڵەتی ئێرانیش وامێکی ٣٠ میلیارد تمەنی بە ناوبراو بەخشیبوو هەتا ناوچەیەکی گەشتیاری دروست بکات.

ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی جوانڕۆ و چەندین گردبوونەوەیان ئەنجامدا و داوای هەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستەیان کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە شەهاب نادری وەلی سەلیمی بانگهێشت کردووە و پێشنیاری پێکردووە کە لەبەرانبەر ٥٠٠ میلیۆن تمەن بێ دەنگی هەڵبژێرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی دوای ئەوەی وەلی سەلیمی ئەو پێشنیارەی قەبووڵ نەکردووە شەهاب نادری لە نێو چەندین کەسدا پێی ڕاگەیاندووە کە ”لەم شارە ماڵ بەدەرت دەکەم و ژیانت لێ تاڵ دەکەم“.

ئێستا ئیدارەی ئیتلاعات وەلی سەلیمی بە تۆمەتی قاچاخی چەک دەستبەسەر کردووە.

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری جوانڕۆ بە ”هەنگاو“ ڕاگەیاند کە هەموو کەس دەزانێت وەلی ناو کاری قاچاخ نەبووە چ بگات بە قاچاخی چەک و ئەوە پیلانی شەهاب نادری و ئیدارەی ئیتلاعاتە بۆ ترساندنی چالاکانی مەدەنی.

سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی سەلیمی کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی وت کە کەسێکی نزیک شەهاب نادری کە ئەندامی سوپای پاسدارانە شایەتی داوە کە ٩٢ کۆڵتی بۆ وەلی سەلیمی هێناوە.

هەواڵی دەستبەسەردا گرتنی ٩٢ کوڵت لەسەلاسی باوەجانی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ و ڕاست دوو حەفتە دوای ناڕەزایەتییەکانی جوانڕۆ لەلایەن میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانەوە بڵاو کرایەوە.

چالاکێکی مەدەنی شاری جوانڕۆ لەوبارەوە دەڵێت ئەوی کە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هەواڵە بڵاو نەکراوە و ماوەیەکی کورت دوای ئەو ناڕەایەتییە بڵاو کراوە ئەو گومانەی دروست کردووە لە ئەمە تەنیا بۆ پەروەندە سازی و پیلانگێڕان دژ بە وەلی سەلیمی ئەنجام دراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەو چالاکە مەدەنییە وتی چالاکانی مەدەنی شاری جوانڕۆ بە نیسبەت ئەو کردەوەیە بێ دەنگ نابن و لە ئەگەری ئازاد نەکردنی ناوبراو هەڵوێست دەگرن.

١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە