هاووڵاتییەکی بریندار بەهۆی لێدانی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە گورچێلەیەکی لە دەست دا

١٨ خەرمانان ٢٧١٧، ٠٣:٠٨

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز پاش برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران، درایە بەر کوتان و لێدان و بەو هۆیەشەوە گورچیلەیەکی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، هێزە نیزامییەکانی ئێران لە شاری سەقز، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کوردیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ کردە ئامانجی خۆیان.

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران ئەو هاووڵاتییە بە ناوی ''شۆڕش قادرزادە'' خەڵکی گوندی ''تازاوا''ی تیلەکۆ، بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی ئێران پاش بریندارکردنی ئەو هاووڵاتییە بە قونداخی چەک ئەو هاووڵاتییەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و ئەمەش بووەتە هۆی لە دەستدانی گورچیلەیەکی ناوبراو.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی شۆڕش قادرزادە، پزیشکانی نەخۆشخانەی بەناو ''خومەینی''ی سەقز، لەکاتی دەرهێنانیەوەی گوللە، بڕبڕاکێی پشتی شۆڕش پچڕاوە و هەنووکە توانایی جووڵاندنی هەر دوو لاقی نییە.

شۆڕش هەنووکە بۆ چارەسەری ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە