”هەنگاو“ پاش سێ مانگ چارەنوسی دوو گیراوی کورد ئاشکرا دەکات

٢٢ خەرمانان ٢٧١٧، ٢٠:٢٣

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”نێ“ سەر بە شاری مەریوان پاش سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانیان پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ئەمیر ئەرژەنگ و باسید بەشتام دوو هاووڵاتیی خەڵکی نێ پاش نزیک بە سێ مانگ لە دەستبەسەر کران پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە گرتووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە پەیوەندییەکی کورت دا بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە لە گرتووخانەی ناوەندیی مەریوان ڕاگیراون.

ئەمیر و ئەرژەنگ ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون.

یەکێک لە نزیکانی ئەمیر ئەرژەنگی بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەبە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی “نێ” دەستبەسەر کراون.

لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ کە لە گوندی نێ بەڕێوە چوو، خەڵک بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی سروودی کوردی تایبەت بە کوردستان و پێشمەرگە بە پێشوازی ساڵی نوێوە ڕۆشتبوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە