کوژرانی گوماناویی سەربازێکی کامیارانی/ کوژرانی ٨ سەرباز لە دوو مانگدا + وێنە

٢٩ خەرمانان ٢٧١٧، ١٣:٣٧

هەنگاو: سەربازێکی کورد لە کرماشان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا و بە هەژمارکردنی ئەم سەربازە، ژمارەی سەربازە کوژراوە کوردەکانی ٢ مانگی ڕابردوو گەیشتە ٨ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەربازێکی کوردی خەڵکی شارستانی کامیاران بەناوی ''تەوحید شەهلایی'' کوڕی عەلی‌ڕەزا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، لە یەکێک لە پادگانەکانی کرماشان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری کامیارانەوە ڕایگەیاند، بەرپرسە نیزامییەکان، بنەماڵەی ئەو سەربازەیان بانگهێشت و پێیان ڕاگەیاندوون کە کوڕەکەیان بە گوللە کوژراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، دەشێ ئەو سەربازە کوژرابێت، بۆیە  هەواڵی خۆکوژیی بە بنەماڵەکەی نەدراوە.

بە پشت‌بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە ٢ مانگی ڕابردوودا هەشت سەربازی کورد بە شێوەی گوماناوی لە کاتی سەربازیی زۆرەملێدا گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە