هەورامان/ کۆڵبەرێکی دیکە بریندار کرا
٣١ خەرمانان ٢٧١٧، ١٨:٥٧
هەنگاو: لە سنووری هەورامان کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پاوە و لە شوێنێک بە ناوی ”قەڵاگا“ تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە کە لە ئاکامدا کۆڵبەریک بە سەختی بریندار بووە.
هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری نەوسوود ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە بریندار کراوەی ”فەرزاد قادری“ خەڵکی گوندی ”نیسانە“ سەر بەو شارە ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرزاد ٤ گوولە بەر لاقی کەوتووە و بە سەختی بریندار کراوە.
ناوبراو بە مەبەستی چارەسەریی پزیشكی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان کراوە.