ئێران/ لە شەش مانگدا ٥٦ هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون

٢ ڕەزبەر ٢٧١٧، ٠٠:٢٠
هەنگاو: لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەتاوی بە شێوەیەکی نێونجی مانگانە حوکمی سێدارەی ١٠ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کراوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەتاوی ( ٢١ی ٣ی ٢٠١٧ هەتا ٢١ی ٩ی ٢٠١٧) حوکمی سێدارەی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هاووڵاتییەک بە تۆمەتی سیاسی، هاووڵاتییەک بە تۆمەتی مەزهەبی، ٣٥ هاووڵاتی بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان، ١٨ هاووڵاتی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و هاوولاتییەکیش بە تۆمەتی دزی چەکدارانە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها، ٢٧ هاووڵاتی خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٣ هاووڵاتی خەڵکی لوڕستان، ٧ هاووڵاتی خەڵکی کرماشان، ٤ هاووڵاتی لە کوردانی خوراسان، ٣ هاووڵاتی خەڵکی ئیلام و ٢ هاووڵاتی دیکەش کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون خەڵکی پارێزگای سنە بوون.

دوو ژنی خەڵکی قوچان و ئورمیە لە سێدارە دراون و ٥٤ کەسی دیکە لە ڕەگەزی پیاو بوون.

٤ کەس لەو ٥٦ کەسە لە پێش چاوی خەڵک و لەشارەکانی ئیلام، ئیسلام ئاوا و سەڵماس لەسێدارە دراون.

ناو و ناسنامەی تەواوی ئەو ٥٦ کەسە لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) تۆمار کراوە.

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی هێنانی ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگا پێدراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە