دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە باکووری ئێران

٣ ڕەزبەر ٢٧١٧، ٠١:٥٢

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنیی کورد لە باکووری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ''حوسێن مەنسووری جەلال‌وەند'' چالاکی کوردی دانیشتووی شاری''نێکا'' لە باکووری ئێران، ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

پاش دەرباز بوونی زیاتر لە ٣ حەفتە هێشتاکە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییەی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان کە باو باپیرانی دەیان ساڵ پێش بۆ باکووری ئێران دوور خراونەتەوە، لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بۆ کوردەکانی دانیشتووی باکووری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانیەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو چالاکە کوردە پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی پارێزگای ''مازندەران''ەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە