بێ‌بەری بوونی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە هەبوونی مافی پارێزە بە هۆی گوشارەکانی ئیتلاعات

٦ ڕەزبەر ٢٧١٧، ٢٢:٤٩

هەنگاو: بەهۆی گوشارەکانی ئیتلاعاتی ئێران هیچ پارێزەرێک ئیزنی پێ نەدراوە پەروەندەی ڕامین حوسێن‌پەناهی وەئەستۆ بگرێت.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دایکی بەتەمەنی ڕامین و ئەفشین حوسێن‌پەناهی لەمەڕ گرتنی پارێزەر سەردانی تێکڕای پارێزەرەکانی شاری سنەیان کردووە کە بەهۆی گوشارەکانی ئیتلاعات، ئەو پارێزەرانە پەروەندەی ئەو چالاکە سیاسییەیان وەئەستۆ نەگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، هەندێک لەو پارێزەرانە داوای بڕی حەقدەستی لەرادەبەدەر گرانیان کردووە کەلە ئاستی توانایی ماڵیی بنەماڵەی ڕامیندا نەبووە.

ئەو سەرچاوە وتیشی زۆربەی ئەو پراێزەرانە بەهۆی گوشارەکانی ئیتلاعات، وەڵامی ئەرێنییان بە داخوازیی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی نەداوەتەوە.

پاش ١٠٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ڕامین حوسێن‌پەناهی هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕ بە برینداری لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیا رکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە