هەڵەی پزشکی گیانی کچێکی ٤ مانگەی ئەستاند و باوکیشی دەستبەسەر کرا

١٢ ڕەزبەر ٢٧١٧، ١٣:٣٢

هەنگاو: کچێکی تەمەن ٤ مانگان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە بە هۆی کەمتەرخەمی کادری پزیشکییەوە گیانی لەدەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی٢٨ی خەرمانان، کچێکی تەمەن ٤ مانگان بە ناوی "پارمیدا پای فشوردە" بەهۆی کەمتەرخەمی کادری دەرمانی نەخۆشخانەی "بێعسەت" شاری سنە گیانی لەدەست دا.

پارمیدا لە ڕۆژی ٨ی جۆزەردان و لەهەمان نەخۆشخانە لەدایک ببو و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دا بوو بەهۆی کەمتەرخەمی یەکێک لە پەرەستارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە تووشی شکانی لاقی چەپ و ڕانی ڕاست دەبێت.

بە وتەی یەکێک لە خزمانی نزیکی پارمیدا، پەرەستارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە کەمتەرخەمیەکان کردووە و لە کاتی خۆیدا پزیشکەکەیان بانگێشت نەکردووە و باوکی پارمیدا دژکردەوە بەم کارە نیشان دەدا.

ئەم سەرچاوە بە هەواڵنێری "هەنگاو" ی ڕاگەیاندووە: ''سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی خەرمانان لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە ،بە باوک و دایکی پارمیدا ڕاگەیێنراوە کە بێ پەرداختی پارە دەتوانن تەرمی کچەکەیان وەر گرن و ڕەزایەت بدەن و پەروەندەی ئەم کچە ببەستن، بەڵام ئەوان ڕەزایەت نادەن و دەڵێن کە چاوەڕێی هاتنی ڕۆژنامەنووسان دەبن و دەبێ بەرپرسانی نەخۆشخانە وڵامدەر بن و تەرمی کچەکەیان بۆ پزیشکی قانون بگوازرێتەوە''.

دوادەدوایی ئەم قسانە، دو کەسی لیباس شەخسی دێنە شوێنەکە و باوکی پارمیدا دەستبەسەر دەکەن و ڕادەستی هێزە ئەمنیەکانی دەکەن، کاتێ لەگەڵ ناڕەزایەتی باوکی پارمیدا بەڕەوڕوو دەبن، بە ڕاکێشان لەسەر زەوی  و لەبەر چاوی خەڵک سواری ترۆمبیلی هێزی پۆلیسی دەکەن.

باولی پارمیدا لە هەمان ڕۆژ دا ئازاد دەکرێ و تەرمی کچەکەیان ڕادەست دەکرێت، بەڵام سەڕەڕایی بەدواداچونەکانی ئەم بنەماڵە، هەنووکە وڵامی درووستیان لەسەر مەرگی ئەم کچە ٤ مانگانە وەر نەگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە