دەستبەسەرکرانی سێ لاوی مەهابادی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو: لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، سێ هاووڵاتیی دیکەی دانیشتووی مەهاباد دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”کۆسە کەرێزە“ سەر بە شاری مەهابادیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ناسننامەی ئەو سی کەسە کە بۆ هەواڵنێری “هەنگاو” ئاشکرا بووە بە شێوەی خوارەوەیە؛
١ـ واحد سۆفی
٢ـ جەماڵ عەلەوی
٣ـ شێرزاد سەرگوڵی
ئەو سێ هاووڵاتییە کورد بە تۆمەتی بەشداری لە شایی و خۆشیی خەڵک بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەستبەسەر کراون.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتیانە، هەتا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و نازانرێ کە لە کوێ ڕاگیراون.
لەماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد هەر بەو تۆمەتە دەستەبسەر کراون و هەتا ئیستا ناسننامەی ١٠ کەسیان بۆ “هەنگاو” پشتڕاست کراوەتەوە.