زاهیدان / بەندکراوێکی کورد مانی لە خواردن گرتووە

١٥ ڕەزبەر ٢٧١٧، ١٨:٢٠

هەنگاو: بەندکراوێکی کوردی مەحکووم بە سێدارە دوای گواستنەوەی بە قەرەنتینەی گرتووخانەی ناوەندیی زاهیدان مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤیی ”هەنگاو“، ئەبووبەکر ڕوستەمی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەرەوە دوای ئەوە سکاڵای لە دۆخی ناو گرتووخانە کردبوو  لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و ناوبراویش مانی لە خواردن گرتووە.

ئەبووبەکر ڕوستەمی تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی محەممەد تەقی و دانیشتووی کرماشان و خویندکاری ڕشتەی پزیشكی بووە کە ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پاکستانەوە دەستبەسەر و پاش دوو ڕؤژ ڕادەستی هێزەکانی ئێران کرایەوە.

ئەو بەندکراوە کوردە دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی دژایەتی خودا و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی بە ٥ ساڵ مانەوە لە گرتووخانە و هەروەها سێدارە مەحکووم کرد.

ئەبووبەکر ئیستا دوو ساڵە لە گرتووخانەی ناوەندیی زاهیدان و بە بێ هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە