هەنگاو، هەنگاو بە هەنگاو

١٦ ڕەزبەر ٢٧١٧، ١٢:٤٥
هەنگاو: ئەمڕۆ ماڵپەری هەنگاو، تەمەنی نایە نێو یەکساڵانەوە و لە ساڵی ڕابردوودا، دەبێت بڵێین بەداخەوە، ئەو ماڵپەرە سەدان هەواڵی پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە کوردستانی رۆژهەڵات بڵاو کردەوە. ئەگەر لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە پێناسەی کوردستانی رۆژهەڵات بکەین، بێ سێ و دوو دەبێ پێی بڵێین "جوگرافیای پێشێلکاریی مافی مرۆڤ"، ساڵانێکە کوردستانی رۆژهەڵات، ڕۆژانە دەیان پێشێلکاری لە بواری مافی مرۆڤەوە تێدا ڕوو دەدات، بەڵام بەداخەوە بە زۆر هۆکار، ئەو جۆرەی کە پێویستە لا لەو بەشە و لەو قەیرانە گەورەی نێو ڕۆژهەڵات نەکراوەتەوە و ماڵپەڕەی (هەنگاو)، بە هەستکردن بەو بۆشاییە، هەنگاوی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە ناوە و لە یەك ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی داوە بەشێک لەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، چاک، یان خراپبوونی چالاکییەکانی (هەنگاو) دادەنێین بۆ بەردەنگانی ئەو ماڵپەڕە، بەڵام ئەوەی کە لەسەر ئێمەیە ئەوەیە، کە دەبێ بەردەوام بین هەتا بگەینە قۆناغێک کە بتوانین کارتێکەریمان لەسەر باشبوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات هەبێت. لەگەڵ ئەوەی ماڵپەرەی (هەنگاو) رواڵەتێکە و کەمتر ناوی ئەم، یان ئەوی بەسەرەوەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر هەوڵی خۆبەخشانەی دەیان کوڕ و کچی خەمخۆر و دڵسۆزی ڕۆژهەڵات نەبایە، ڕەنگە تەمەنی ئەو ماڵپەڕە بە ساڵێکیش نەگیشتایە و نەمانتوانیبایە ئەو ئەرکەی خستوومانەتە ئەستۆمان بیگەینینە جێگا و ئامانج، بۆیە لە یەکساڵەی (هەنگاو)دا، وێڕای دەستخۆشی لە زەحمەت و تێکۆشانی هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە بە هەواڵ، بابەت و ڕاپۆرت یارمەتیی هەنگاویان داوە، داواکارین هەر وەکوو یەکساڵی ڕابردوو، ماڵپەری "هەنگاو" بە ماڵی مافی مرۆڤی کوردستان بزانن و لە هاوکارییەکانیان لەگەڵمان بەردەوام بن. لە ساڵێک کاری هەنگاودا، ڕەنگە گللەیشمان زۆر هەبێت، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرینگە ئەوەیە، کە بەداخەوە بەشێک لە ڕاگەیاندنە کوردییەکان، زۆر جاران ڕاپۆرت و بابەتی "هەنگاو" بەبێ ناوهێنانی ئەو ماڵپەرە وەک سەرچاوە بڵاو دەکەنەوە، هەرچەند وەک قانوونی ڕۆژنامەوانی ئەو کارە دوورە لە پرەنسیپ و ئاکاری ڕۆژنامەگەری، بەڵام ئەوەی کە (هەنگاو) وای کردووە لاپەڕەی ماڵپەڕە کوردییەکان زیاتر بایەخ بە بابەت و هەواڵی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بدەن، بۆ ستافی هەنگاو جێگای خۆشحاڵی و شانازییە و کرۆکی ئامانجی هەنگاوە. هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام دەبین، هەتا ئەو ڕۆژەی دەگەینە روپکی ئازدای و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بنەبڕ دەبێت.   دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی (هەنگاو)

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە