ڕاپۆرتی ئاماری "هەنگاو" / لە سێدارە دانی ١٣٥ هاووڵاتیی کورد لەماوەی ساڵێکدا

١٧ ڕەزبەر ٢٧١٧، ٢٢:٥٤

هەنگاو: ماڵپەڕی ”هەنگاو“ بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژ بە سزای سێدارە ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر ڕێژەی لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا واتە لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ هەتا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ لە سەر یەک حوکمی سێدارەی ١٣٥ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

لەسێدارە دراوەکان بە پێی پارێزگاکان

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە و ٦٢ کەس لە پارێزگای ئورمیە کە دەکاتە ٤٦٪ی لە سێدارە دراوەکان، خەڵکی شارەکانی پارێزگای ئورمیەن، ٢٥ کەس کە دەکاتە ١٨٪ خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ١٦ کەس کە دەکاتە ١٢٪ خەڵکی پارێزگای کرماشان، ١٦ کەس کە دەکاتە ١٢٪ خەڵکی پارێزگای سنە، ٨ کەس کە دەکاتە ٦٪ خەڵکی پارێزگای ئیلام، ٧ کەس کە دەکاتە ٥٪ لە کوردانی خۆراسانی باکوور و ڕەزەوی و ١ کەسیش کە دەکاتە ١٪ لە کوردانی قەزوێن بوون.

هێڵکاری ١

١

تاوانی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون

لەو ماوەیەدا دوو بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە سێدارە دراون و هەروها ٩٦ کەسی لەو کەسانەی کە لەسێدارە دراوان بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکرەکانەوە بووە، ٣١ کەس بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٣ کەس بە تۆمەتی دزی چەکدارانە و٣ کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و سزاکەیان لەو ماوەیەدا جێبەجێ کراوە.

هێڵکاری ٢

٢

شێوەی لە سێدارە دان

لەو ڕێژەیە ٨ کەس لە پێش چاوی خەڵک و١٢٧ کەسیش لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە زۆرترینیان لە گرتووخانەکانی ئورمیە، خوڕەمئاوا، کرماشان و کەرەج بووە.

١٣٣ کەس لەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون لە ڕەگەزی پیاو و ٢ کەسیش ژن و خەڵکی شارەکانی ئورمیە و قوچان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە