لاوێکی خەڵکی بانە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لاقێکی لەدەست دا + وێنە و ئامار

٢٢ ڕەزبەر ٢٧١٧، ١١:٣٥

هەنگاو: تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە پەڕینی لاقی لاوێکی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبر)، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچەی سنووری ”سارداو“ی بانە لاویکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی ”نەجمەدین قادری“ کوڕی مەجید لاقێکی لە دەست دا.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری بانە ڕایگەیاند کە لاقی ڕاستی نەجمەدین کە تەمەن ٢٨ ساڵانە بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینەوە پەڕیوە.

ناوبراو ئێستا لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٣١ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و یان بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە