محەممەد نەزەری پاش ٨٠ ڕۆ مانگرتن کە خواردن: لە کوێن خەڵکینە؟

٢٧ ڕەزبەر ٢٧١٧، ١٧:٢٣

هەنگاو: محەمەد نەزەری، بەندکراوی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، پاش ٨١ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، نامەیەکی بڵاو کردەوە و داوا لە خەڵکی کورد دەکات بۆ ڕزگاربوونی بە هانایەوە بچن.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەمەد نەزەری، بەندکراوی سیاسیی کورد لە نامەیەکدا ڕای گەیاندووە هەتا ئەوکاتەی داواکارییەکانی جێبەجێ دەبێت، پێداگری لەسەر مانگرتنەکەی لە خواردن دەکات و تەنیا هیوای بۆ رزگاربوونی لەو دۆخە ناجێگیرە، پشتیوانیی خەڵکی کوردە، دەنا ئەویش وەک کەسوکاری لە گۆڕستانی بۆکان دەنێژرێت.

وێنەیەک لەو نامەیە بۆ ئاژانسی (باسنیوز) نێردراوە

دەقی نامەکە:

بێکەسترین زیندانیی ئەم شارەم! شارێک کە ئاوێتەی ناوی زیندانەکەی بووە، بەداخ و سەرسووڕمانەوە ٨٠ ڕۆژ لە مانگرتنم تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ گوێیەک بیستراو و دەستێکی یارمەتیدەر بۆ من بەدی ناکرێت.

من محەممەد نەزەریم، ٢٤ ساڵە لە پشت دیوارەکانی زیندان لە شاری مەهاباد هەتا ورمێ و زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج و هەر ڕۆژ بێکەستر و تەنیاتر لە جارانم، باوک و دایک و براکەم ڕەوانەی گۆڕستانی شاری بۆکان کران و جگە لە ئێوەی خەڵک، کەسێکی دیکەم نییە،٨٠  ڕۆژە لە مانگرتنم لە خواردن دەگوزەرێ، مانگرتنێک بۆ داواکارییەکی سادە، داواکاریی من نە ئازادییە و نە هاتن بۆ مورخەسییە (مپڵەتی یاسایی)، بەڵکوو بەڕێوەچوونی یاسایە، یاسایەک کە بە بەڕێوەچوونی دەبوو چوار ساڵ و نیو پێش ئیستا ئازاد دەبووم، بەڵام دەستە نادیارەکانی دەسەڵات و ئەمنیەت لە بەڕێوەبردنی ئەم یاسا (ماددەکانی١٠و٩٩و١٢٠و٧٢٨ لە یاسای سزای نوێی ئیسلامی) بۆ من بوونەتە لەمپەر، ئێستا پاش ٢٤ ساڵ لە زیندان لە کاتی تەنیایی و بێکەسیدا هیچ ڕێگایەکی دیکە جگە لە مانگرتنم بۆ نەماوەتەوە.

لە کوێن خەڵکینە؟

لەبەر بێکەسییەکەم بەتەنیا جێم مەهێلن، جیاوازی من و ئارش سادقی کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ برسیەتی ئەزموون کرد چییە؟ جیا لەوەی کە ئەو باوک و هاوسەر و ئێوەی لەگەڵە، بەڵام من هیچ کەسێکم نییە، باوک و دایک و براکەم چەندین ساڵە لە گۆرستانی بۆکان نوستوون و منیش تەنیا دەستی یارمەتیدەرێک کە بیناسم ئێوەن کە جێگەی هیوا و پاڵپشتی منن.

یارمەتیم بدەن، یارمەتیم بدەن تاکوو دەنگم ببیسترێ کە ئێستا جگە لە "مەرگ" بۆ ڕزگاربوون لە ئازاری زیندان و مانگرتن هیچ شتێکی دیکە شک نابەم.

یارمەتیم بدەن بۆ گەیشتن بە مافی یاسای ئازادی کە لە منیان زەوت کردووە، ئەگەر جگە لەمە بێت، ئەوا هەر درێژە بە مانگرتنەکەم دەدەم تاکوو بە مردن بگەمە گۆڕستانی بۆکان کە جگە لەوێ هیچ کەسیکی ترم نییە.

محەممەد نەزەری

چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەر

زیندانی ڕەجایی شار


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە