لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادی بێ مەرجی محەممەد نەزەری دەکات

١ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٢٨

هەنگاو: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵتی بە دەکردنی بەیاننامەیەک داوای ئازادیی بێ مەرجی محەمەد نەزەری بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەجی کردووە.

لێبوردنی نویو دەوڵەتی بەندکرانی  محەممەد نەزەری بە “نادادپەروەرانە” لە قەڵم داوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندوە کە: بەندکراوی سیاسی، محەممەد نەزەری کە زیاتر لە دوو دەیەیە دەستبەسەر کراوە و لە زیندان ڕاگیراوە، ڕاگیرانی ناوبراو لە بەندیخانە نادادپەروەرانەیە و بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستی بە نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان هەیە.

ئەو ڕێکخراوە لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە: “تەندروستیی محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی تەمەن ٤٦ ساڵ کە نیوەی زیاتری تەمەنی خۆی لە بەندیخانە تێپەڕاندووە ، ئێستا بە هۆی مانگرتن لە خواردنی درێژ خایەن، کەوتووەتە مەترسیەوە. محەممەد نەزەری لە ٨ی گەڵاوێژ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر زیندانی کردنی نادادپەروەرانەکەی و خۆپاراستنی بەرپرسانی قەزایی لە لێڕوانینەوەی دووبارەی حوکمەکەی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. ئەو حوکمە لە دەیەی ٧٠ و دوای ڕەوتێکی قەزایی زۆر نادادپەروەرانە و زۆرتر بە هۆی لایەنگریی ئاشتیخوازانەی ناوبراو لە ئامانجە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درکراوە. محەممەد نەزەری لە ماوەی مانگرتنەکەیدا ٢٥ کیلۆ لە کێشی خۆی لە دەست داوە و ڕادەی هەڵکشانی خوێنی ناوبراو چەندین بار هاتووەتە خوارێ و لە باری جەستییەوە زۆر لاواز بووە، بە شێوەیەک کە ناتوانێ قسە بکا و به ڕێگادا بڕوات.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی جەختی کردەووەتەوە کە محەممەد نەزەری بە هۆی چەندین نەخوشی دیکە وەک نەخۆشی دڵ ئازار دەکێشێ و پزیشکانی زیندان زۆر لەوە پێش هوشداریان داوە کە ناوبراو پێویستی بە پزیشکی پسپۆر لە دەرەوی زیندان هەیە و بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی زیندان گوێ بە داواکاری ناوبراو نادەن. محەممەد نەزەری گوتوویەتی تا کاتی مردن ئەو مانگرتنە درێژە پێدەدەم، مەگەر ئەوەیکە بەرپرسان وڵامی داواکارییەکانی یەک لە دوای یەکی ناوبراو بۆ پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە دۆسیەکەی بدەنەوە.

محەممەد نەزەری ماوەی ٨٥ ڕۆژە، کە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای “گەڕانەوەی دادڕەسی” بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی نوێیە کە ساڵی ١٣٩٢ دەرچووە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێ، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسیە ٢٤ ساڵە بە بێ مەرەخەسی لە زیندان دایە، پێداچوونەوەی دووبارە، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامیی نوێ ئازادی ناوبرا مسۆگەر دەکات.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری “ساین قەڵا”، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە