بەندکراوێکی سیاسی کورد داوا لە خەڵکی کورد دەکات بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی بڕژێنە سەر شەقامەکان

١ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٢:٥٥
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی ١٣ ساڵە لە گرتووخانەکانی ئورمیە، تەبەس و بیرجەند ڕاگیراوە پشتیوانی خۆی لە سەربەخۆیی کوردستان ڕادەگینێت. محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە ماوەی ١٣ ساڵە بەندکراوە، پشتیوانی هەر تاکێکی کورد لە ئامانجەکانی ڕیفراندۆم بە ئەرکێکی ئیخلاقی و نەتەوەیی ناو دەبات. ناوبراو پاییزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی ( ٢٠٠٥) لەکاتێکدا کە تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی هەبوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە تۆمەتی دژایەتی خودا حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە گرتووخانەی تەبەس بۆ گرتووخانەی بیرجەند گوازراوەتەوە و ئێستا لەو گرتووخانەیە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات. دەقی تەواوی ئەو نامەیە کە ئەو بەندکراوە کوردە لە ڕێگای “هەنگاو”ەوە بڵاوی کردووەتەوە بە شێوەی خوارەوەیە؛   من وەکوو بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی 13 ساڵە لە گرتووخانەکانی ئێران ڕاگیراوم. ئێستا لە دوورترین شوێنی ئێران و لە نزیک سنووری ئەفغانستان ماوەی حوکمەکەی خۆم تێپەڕ دەکەم. لێرەوە داوا لە هەموو کوردێک دەکەم لە هەر کوێی ئەم دونیایە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت، پشتگیری بە ئەنجام گەیاندنی ڕیفراندۆم بکەن و بێنە سەرشەقامەکان و پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی و مافی ڕەوای کورد دەرببڕن. ئێمەی کورد دەیان ساڵە بۆ سەربەخۆیی خەبات دەکەین و ئێستا کە ئەو دەرفەتە هاتووەتە پێشەوە، بەداخەوە بەهۆی خیانەتی چەند کەسێکەوە خەریکە خەونەکانمان لەبار دەبەن و شانبەشانی دوژمنانی کورد بۆ لێدانی پیرۆزییەکانمان هەوڵ دەدەن و کەلێنیان خستووەتە نیو ماڵی کورد و خاکی کوردستان و کەرکووکیان فرۆشتووە. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو کەسانەی کە خەیانەتیان بە ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کردووە بە توندترین شێوە سزا بدەن هەتا ببێتە دەرسێک بۆ کەسانی دیکە . جارێکی دیکە لێرەوە ڕادەگەیەنم، پێویستە هەر کەسێک کە خۆی بە کورد دەزانێت، بە هەر شێوەیەک کە بۆی دەکرێت چ بە هاتنە سەرشەقام و چ بە هەڵگرتنی چەک بەرگری لە کەرامەت و بوونی کورد بکات، لە کاتێکدا هەموو دونیا دەرگاکانی بەڕووماندا داخستووە، هەنگاونان لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزانە ئەرکێکی نەتەوەیی و ئیخلاقییە. هەروەها پێویستە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، بە شێوەیەکی یەکگرتوانە پاڵپشتیی ئەو داوا ڕەوایانە بکەن و یکدەنگ و یەک هەڵوێست پشتگیری و پاڵپشتی مافخوازی کوردستان بن. محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی گرتووخانەی بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشوور ٣٠/٧/١٣٩٦ ٢٢/١٠/٢٠١٧

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە