سنە.. هەشت ساڵ و نیو زیندان بەسەر بەندکراوێکی کورددا سەپێندر

٤ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٨:٤٧
هەنگاو: ئەفشین حوسێن‌پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری (دێولان)ی سەر بە سنە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە هەشت ساڵ و نیو بەندکران حوکم درا. بەپێی ڕاپۆرتی کەمپینی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی، ئەو چالاکوانە کە لەبوارەکانی مەدەنی و ژینگەدا چالاک بووە، لە دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەگەڵ یەکێک لە پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێران بە هەشت ساڵ و نیو زیندان حوکم دراوە. ئەفشین حوسێن‌پەناهی، ڕێکەوتی 2017/7/25 پاش دەستگیرکرانی براکەی (ڕامین حسێن‌پەناهی)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیان دەستگیر کرا. ئەو چالاکوانە کوردە، کە لەگەڵ دامەزراوە مەدەنی و ژینگەییەکان هاوکاریی کردووە، ساڵی 2011 بەهۆی بەدواداچوونی دۆسیەی مەرگی براکەی (ئەشرەف حوسێن‌پەناهی) بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لەدژی حکوومەتی ئێران" یەک ساڵ بەند کرا. پێویستە بگوترێ "ڕامین حوسێن‌پەناهی" یەکێک لە بەندکراوە سیاسییەکانی کوردە کە ڕێکەوتی 2017/6/24 لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران، هەتا ئێستا لەبارەی چارەنووسی ئەو چالاکوانە سیاسییەوە هیچ چەشنە هەواڵێک لەبەردەستدا نییە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە