ئورمیە/ دەستبەسەر کرانی زیاتر لە ١٠ کەس

٥ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٤:١٥

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری ئورمیە زیاتر لە ١٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو شارەیان کە ناڕەزایەتییان بە نیسبەت دەستدرێژیی فەرمانبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو شارە بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ دەربڕیبوو، دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ( ١ی خەزەڵوەر / ٢٣ی ئۆکتۆبر)، سەدان کەس لە دانیشتوانی شارەکی ئیسلام ئاوای ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستدرێژی یەکێک لە فەرمانبەرەکانی قوتابخانەی ”راه شهدا“ بۆ سەر کچێکی ١٢ ساڵەی کورد لە بەرانبەر بینای ئەو قوتابخانەیە دەستیان دایە مانگرتن و بە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی دژە شۆڕش و هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی لێکەوەتەوە و لەئاکامدا لانیکەم ١٠ کەس دەستبەسەر و ١١ کەسیش بریندار کران.

ئەم ناڕەزایەتییانە کە هەتا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو، لە ئاکامدا ئاگرتێبەردانی قوتابخانە و بنکەی بەسیجی ئەو شارەکەی لێکەوتەوە.

هەتا ئێستا ناسننامەی ٨ کەس لەو گیراوانە بۆ “هەنگاو” ئاشکرا بووە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

١- نادر نەوجەوان جوهەنی ٢ـ ئەمیر تاڵب مەرانە ٣ـ ئیسماعیل نەجەفی ٤ـ شەفیق نەوجەوان جوهەنی ٥ـ عوسمان خزەری ٦ـ جبرەییل حاتەمی ٧ـ ڕەسووڵ سووڕمان ٨ ـ ئیسلام حاتەمی.

هەرچەند پزیشکی یاسایی قسەی بنەماڵەی ئەو کچەی کە دەستدرێژی کراوەتە سەری پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ناوەندە حکوومەتییەکان بەردەوام ئەوە ڕەد دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، کە ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەو کچەیان ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەیان نییە بۆ هیچ میدیایەک لێدوان بدەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە