سەپاندنی حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکران بە سەر سێ ئەندامی بنەماڵەی حوسێن پەناهی

٦ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠١:٥٧

هەنگاو: دادگای شۆڕشی شاری سنە حوکمی بەندکرانی بە سەر سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٣ی خەزەڵوەر / ٢٥ی ئۆکتۆبر) لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری سەعیدی لەسەر یەک حوکمی ١٩ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەر سێ ئەندامی بنەماڵەی حوسێن پەناهی سەپاند.

بەپێی ئەو حوکمە هەر یەک لە ئەفشین حوسین پەناهی  ٨ ساڵ و ٦ مانگ، زوبێر حوسێن پەناهی ٦ ساڵ و ئەحمەد حوسێن پەناهی ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەو سێ چالاکە کوردە کە خەڵکی شاری دێولانن، بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپێندراوە.

سەپاندنی ئەو حوکمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی حوسێن پەناهی ئەو تۆمەتانەیان کە خراوەتە پاڵ ئەو سێ کەسە بە درۆ خستووەتەوە.

ئەفشین لە ڕیکەوتی ١ی پووشپەڕ و ئەحمەد و زوبێریش لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ و دوای تێکهەڵچوونی چەکدارانەی نێوان گرووپێکی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و سوپای پاسداران لەنێو شاری سنە دەستبەسەر کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە