سەربازێکی کورد حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٦ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٢:٤٩

هەنگاو: سەربازێکی کوردی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی سێشەممە (٢ی خەزەڵوەر / ٢٤ی ئۆکتۆبر)، لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ئورمیە سەربازێکی کوردی بە ناوی ”صدیق عەینی“ بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژی ئێران بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل مەحکووم کرد.

ئەو حوکمە بە بێ بەشداری خۆی لە ڕەوتی دادگا و تەنانەت پارێزەرە دیاریکراوەکەشی دەرکراوە.

سدیق عەینی کوڕی خەلیل، خەڵکی گوندی سینگان و دانیشتووی شاری شنۆیە.

ئەو سەربازە کوردە لە یەکێک لە ناوەندەکانی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی  زۆرەملی سەربازی بووە و ٢١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

سدیق عەینی ئێستا لە بەندی ١٣ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە کە تایبەتە بە بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە