مەحموود ساڵحی لە نەخۆشخانە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

٧ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٤١

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری ناسراوی شاری سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی شەممە (٦ی خەزەڵوەر / ٢٨ی ئۆکتۆبر)، مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ساڵحی بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە “ ئەمڕۆ دوای ئەوەی ناوبراو لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەقز هاتووەتە دەرەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی دادگای ئەو شارە کراوە و  حوکمی ١ ساڵ بەندکرانیان پێ ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایشی گەیاند کە دوای راگەیاندنی حوکمەکە ناوبراویان بە مەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی سەقز گواستووەتەوە.

مەحموود ساڵحی سەرۆکی پیشووی یەکێتی نانەەواکانی سەقز و ئەندامی دامەزرێنەری کۆمیتەی هاوئاهەنگی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئێران بووە و پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر و بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە