دەستبەسەرکرانی ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا
هەنگاو: گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد زیادی کردووە و تەنیا لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس گیراون.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئورمیە، نەغەدە، بۆکان، سنە، مەریوان، سەقز، کرماشان، جوانڕۆ، سەرپێڵی زەهاو و پاوە دەستبەسەر کراون.
لەو ڕێژەیە ٨ کەس بە تۆمەتی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ئورمیە، ١١ کەس بە هۆی چالاکی مەزهەبی کە ٩ کەسیان بەهایی بوون ، ٢ کۆڵبەر و ٨ کەسیش بە تۆمەتی سیاسی و کەسیکیش بە تۆمەتی چالاکی کرێکارێکاری دەستبەسەر کراون.
بە پێی ئە و ڕاپۆرتە، ١٠ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٥ کەس لە پارێزگای کرماشان و ٥ کەسیش لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کراون.
هەروەها ٢٨ کەسیان پیاو و ٢ کەسیشیان ژن بوون.هەتا ئێستا هیچ کام لەو ٣٠کەسە ئازاد نەکراون و چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.