سنە/ دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک و ئازادی ٢ بەندکراو بە دانانی بارمتە

٨ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٥٧

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مێراویان دەستبەسەر کرد و هاوکات دوو بەندکراوی خەڵکی ئەو گوندە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٣ی خەزەڵوەر / ٢٥ی ئۆکتۆبر) هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە هێرشیان کردە سەر ماڵ هاووڵاتییەکی کورد لە گوندی مێراو و دەستبەسەریان کرد.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی کە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە ”بێهرووز عەزیزی“ ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بەناوەکانی ”ڕەسووڵ عەزیزی و فروان ڕوستەمی“ کە ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون.

لە مانگی گەلاوێژەوە ١١ هاووڵاتیی ئەو گوندە بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ١٠ کەسیان پاش دوو مانگ و بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە