باوک و دایکی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە دەستبەسەر کران

٨ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٥:٤٧

هەنگاو: دایک و باوکی پێشمەرگەی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

بەپێی هەواڵێک كە ماڵپەڕی "ئاسۆی ڕۆژهەڵات"ی سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دایک و باوکی پێشمەرگەیەکی ئەو حزبە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گوندێکی سەر بە سنە دەستگیر کراون.

بەپێی هەمان سەرچاو هێزە ئەمنیەتییەكانی ڕژیم هەڵیانكوتایە سەر ماڵی پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە بە ناوی (میلاد قادری) ناسراو بە (فوئاد) لە گوندی (نگڵ)ی سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزان لە پارێزگای سنە و پاش پشكنینی ماڵەكەیان، (مەحموود قادری) باوکی ئەو پێشمەرگەیەیان دەستگیر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواستووەتەوە.

هەمان ڕۆژ (نەخشین كەریمی)  هاوسەری ئەم شارۆمەندە كوردە، كاتێك بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی هاوسەرەكەی سەردانی ناوەندە ئەمنییەكانی شاری سنە دەكات، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێت.

تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆكار و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو شارۆمەندە كوردە هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە هێزەكانی ڕژیم هاوكات لەگەڵ دەستبەسەركردنی ئەم دوو كەسە، دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلی ئەم شارۆمەندە كوردەشدا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە