دوایین زانیاری لەسەر محەممەد نەزەری لە بەرەبەرەی سەدەمین ڕۆژی مانگرتن لە خوردن

١٣ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:١٩

هەنگاو: محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسیی کورد کە نزیک ١٠٠ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و لەوێش بەستراوەتەوە بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد ئەمڕۆ هەینی (١٢ی خەزەڵوەر / ٣ی نۆڤەمبر)، نەوەد و حەوتەمین ڕۆژی مانگرتن لەخواردنی خۆی تێپەڕاند.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد نەزەری بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و دابەزینی ٢٥ کیلۆگرەم لە کێشی لەشی لە نەخۆشخانەی “خومەینی” شاری کەرەج خەوێندراوە و هاوکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بە قەروێڵەی نەخۆشخانەوە بەستراوەتەوە.

پزیشکەکان باری تەندروستی ناوبراویان ناجێگیر ڕاگەیاندووە، بەڵام ناوبراو لە نەخۆشخانەش درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە.

محەممەد نەزەری ماوەی ٩٧ ڕۆژە، کە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای “گەڕانەوەی دادڕەسی” بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی نوێیە کە ساڵی ١٣٩٢ دەرچووە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێ، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسیە ٢٤ ساڵە بە بێ مەرەخەسی لە زیندان دایە، پێداچوونەوەی دووبارە، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامیی نوێ ئازادی ناوبرا مسۆگەر دەکات.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری “ساین قەڵا”، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە