دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنی لە شاری سنە

١٣ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١١:٠٠

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سنە دوو چالاکی مەدەنییان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕؤژی سێشەممە (٩ی خەزەڵوەر/ ٣١ی ئۆکتۆبر)، چالاکێکی مەدەنی خەڵی شاری سنەیان بە ناوی ”سوهراب بەهرامی“ دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەر کردنی ناوبراو داویانەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزییان پێی کردووە.

ناوبراو پێشتر و ٣ ساڵ بەر لەئێستاش بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران” دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەند ڕۆژ پێش لەئێستا، چالاکێکی ژینگەپارێزیان بەناوی “مادێح فەتحی” تەمەن ٢٧ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کە ئەندامی “کۆمەڵەی کوردستانی سەوز” بووە دوای دەستبەسەر کران لە شاری سنە بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە لە بەردەستدا نییە و نازانرێ کە لە کوێ ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە