محەممەد نەزەری پاش ٩٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

١٥ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠١:١٢

هەنگاو:  محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد ئەمڕؤ یەکشەممە (١٤ی خەزەڵوەر، ٥ی نۆڤەمبر) پاش ٩٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد نەزەری ئەمڕۆ توانیویە لەگەڵ دوو کەس لەو پارێزەرانەی کە بنەماڵەکەی دیارییان کردووە چاوپێکەوتنی هەبێت و دوای ئەوەی بەڵێنیینا پێداوە کە لەسەر داوە ڕەوا و یاساییەکەی بۆ ئازادی هاوکاری بن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.

محەممەد نەزەری ماوەی ٩٩  دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن و داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای “گەڕانەوەی دادڕەسی” بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی نوێیە کە ساڵی ١٣٩٢ دەرچووە.

لە ئەگەری بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێ، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسیە ٢٤ ساڵە بە بێ مەرەخەسی لە زیندان دایە، پێداچوونەوەی دووبارە، بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامیی نوێ ئازادی ناوبرا مسۆگەر دەکات.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری “ساین قەڵا”، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە