داوای دانپێدانانی تەلویزیونی لە کچێکی گیراوی خەڵکی سەقز دەکرێت

١٦ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٣٨

هەنگاو: یەکێک لە گیراوانی سەقز کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەستبەسەر کراوە، لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ”چینی ئاخر خوب“ هاووڵاتی خەڵکی سەقز ڕۆژی سێشەممە  (٤ی ڕەزبەر / ٢٦ی سێپتامبر) واتە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ هێشتا ئازاد نەکراوە.

سەرچاوێکی باوەڕپێکراو لە شاری سەقز بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە بە مەرجێک ئازادت دەکەین کە لەپێش کامێرا دژ بە حیزبە کوردییەکان لێدوان بدەیت.

ئەو سەرچاوە وتیشی کە چینی لە وڵامدا ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک حازر بەو کارە نابێت و ئەمش بووەتە هۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گوشار بخەنە سەر خۆی و بنەماڵەکەی هەتا بەو کارە ڕازی بێت.

دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی باشووری کوردستان سەدان کەس لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە دە کەسیان ژن بووە، هەتا ئێستا ناسنامەی ٧ کەس لەو ژنانە بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە کە ٤ کەسیان ئازاد بوون و چارەنووسی ٣ کەسی دیکەیان کە خەڵکی سنە و سەقزن نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە