خۆی / هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە مست و لەقە کۆڵبەریکی ١٣ ساڵەیان کوشت

١٦ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٣:٢٠

هەنگاو: کۆڵبەرێکی مندال بە هۆی لێدان و کوتانی هێزەکانی سنوور پارێزی ئێران لە سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (١٥ی خەزەڵوەر، ٦ی نۆڤەمبر)، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ”ڕەسووڵ یوسیفی“  لەکاتی گواستنەوەی یەک دەبە گاوزویل بە هۆی لێدان و کوتانی هێزە سنوورپارێزەکانی قوتور لە ناوچەی خۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە، گیانی لە دەست داوە.

ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٣ ساڵانە لە سنووری ”ڕازی“ خۆی لەلایەن هێزە سنوور پارێزەکانی ئێران دراوەتە بەر مشت و لەقە و لە ئاکامدا دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەلکی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران بە مەبستی چەواشەکردنی کوژرانی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٣ ساڵە لە ڕاپۆرتەکانی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئەو کۆڵبەرە بە هۆی دەمەقاڵە لەگەل کۆڵبەرانی دیکە گیانی لە دەست داوە، بەڵام هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری خۆی ئەو ڕاپۆرتانە بە بێ بنەما دەزانێت و بە تەواوەتی ڕەدیان دەکاتەوە.

حەفتەی ڕابردووش هێزەکانی سوپای پاسداران لەو ناوجەیە دوو کاسبکاری کورد و ئازەرییان بە ناوەکانی “مەجید دالایی میلان” و “سەعید ئیسماعیل یار” دابووە بەر دەستڕێژی گوللە کە لە ئاکامدا گیانیان لە دەست دابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە