چالدێران/ ٣ کەس بە تۆمەتی هاوکاری هێزێکی کوردی دەستبەسەر کران

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٧:٤٠

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەشاری چالدێران ٣ هاووڵاتی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (١٨ی خەزەڵوەر، ٩ی نۆڤەمبر)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری چالدێرانی پارێزگای ئورمیە ٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ ناسننامەی ئەو سێ هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەی ”بەهمەن بروکی“ کوڕی عەتا، ”محەممەد خەلیلی“ کوڕی عەبدولمەجید و ”کەماڵ حەیدانلوو“ کوڕی محەممەد ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی دەستبەسەر کردن ئەو هاووڵاتیانەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزییان پێیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە لەبە رهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت ڕایشی گەیاند کە ئەو سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراون.

لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا دوو جار پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزێکی کوردی و هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری چالدێران هاتووەتە ئاراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە