دێهلوڕان / تەقینەوەی مین دوو قوربانی لێکەوتەوە
هەنگاو: بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئیلام، دوو سەرباز بوون بە قوربانی.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی هەینی (١٩ی خەزەڵوەر / ١٠ی نۆڤەمبر)، بە هۆی تەقینەوەی مینی بە جێ ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی شاری دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو سەربازی کورد بریندار بوون.
هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە ئیلام ناسننامەی ئەو دوو سەربازەی کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون ”ڕەسووڵ ئەسەدی“ تەمەن ٢٤ ساڵ و ”دانیال بەیرانوەند“ تەمەن ٢١ ساڵ ڕاگەیاندووە.
ئەو دوو سەربازە لە نزیک پایگای ”نەهر عەنبەر“ی دێهلۆڕان و بە هۆی تەقینەوەی مینی دژە نەفەرەوە بریندار بوون.
ڕەسووڵ ئەسەدی بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی ئیلام کراوە و دانیال بەرانوەندیش پاش چارەسەریی سەرپێی، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی خۆیان.