بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان حوکمی ٤ ساڵ بەندکران بە سەر دوو گەنج دا سەپێندرا

٢١ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٠٢:٥٣

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” ڕۆژی پێنج شەممە (١٨ی خەزەڵوەر / ٩ی نۆڤەمبر)، دادگای شۆڕشی مەریوان دوو هاووڵاتی خەڵکی شارەدێی “نی”ی بە ٤ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.

هەواڵنێری “هەنگاو” لەشاری مەریوان ڕایگەیاند کە بە پێی ئەو حوکمە هەر یەک لە ئەمیر ئەرژەنگ و باسید ئەفشار دانیشتووی گوندی “نێ” بە ٢ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون و دەبێ هەتا ١٥ ڕۆژی دیکە خۆیان بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بناسێنن.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەوروۆزی گوندی نێ و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپێندراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە دادگا سەرەتا حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و دوورخانەوە بۆ سیستان و بەلووچێستانی بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییەدا سەپاندووە، بەڵام بە هۆی گوشاری بنەماڵە و ناڕەزاەتی بنەماڵەکانیان حوکمەکە بۆ ٢ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی مەریوان کەم کراوەتەوە.

لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ کە لە گوندی نێ بەڕێوە چوو، خەڵک بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی سروودی کوردی تایبەت بە کوردستان و پێشمەرگە بە پێشوازی ساڵی نوێوە ڕۆشتبوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە