سێ بەندکراوی سیاسیی کورد گوێزرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ١٦:٠٠

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کورد کە ساڵانێکی زۆرە لە بەندیخانەکانی ەرەج ڕاگیراوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوێزرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٢٤ی خەزەڵوەر، ١٥ی نۆڤەمبر)، محەممەد نەزەری هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد فەقیەپوور و خالید فەرەیدوونی کە لەبەندی ١٠ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیرابوون، گوێزراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

ئەو سێ بەندکراوە کوردە بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبی دیمۆکرات حوکمی بەندکرانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بیانووی ونبوونی کەسیەکەیان پێش بە گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ئورمیە گیرابوو.

ئەوان پیشتر چەندین جار داوایان کردبوو کە بیانگوازنەوە بۆ بەندیخانەی شوێنی لە دایکبوونیان.

عومەر فەقی‌پوور  یەکێکی دیکە لەو بەندکراوە کوردانەیە کە سالی ١٣٧٨ی هەتاوی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” و “دژایەتیی خودا” لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکرات لە دادگای شۆرشی مەهاباد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، ئەو سزایە دواتر و لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

 خالید فەریدوونی خەرمانانی ١٣٧٩ دەستبەسەر و بەتۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” و  “دژایەتیی خودا” لەریگای ئەندامەتی حیزبی دیمۆکراتەوە هەر وەک عومەر فەقی‌پوور سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کراوەتەوە.

هەروەها، محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا و لەدایکبووی ١٣٥٠ی هەتاوی ، ساڵی ١٣٧٣ ی هەتاوی لەبۆکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ماوەیەک پێش کۆتایی بە مانگرتنی ٩٩ رۆژەی خۆی هێنابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە