حەیدەر قوربانی پاش ١٣ مانگ چارەنووسی ناڕوونە

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧١٧، ٢٣:٥٤

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران کە زیاتر لەساڵێکە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤیی ”هەنگاو“، حەیدەر قوربانی کە کۆتایی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ چەندین کەسی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کامیارانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەرچەند باقی دەستبەسەرکراوان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام حەیدەر قوربانی لە ١٣ مانگی ڕابردوودا بە بێ هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە، کامیاران و هەروەها بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەی ١٣ مانگە چارەنووسی نادیارە و دادگایی نەکراوە و ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

حکومەتی ئێران لەو پەیوەندییەدا، لە کەناڵی ئینگلیزی زمانی خۆی، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی بڵاو کردەوە

قوربانی لەژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە ناچار کراوە لەو فیلمەدا بەرپرسیارەتیی کوشتنی چەند ئەندامێکی سپای پاسداران بگرێتە ئەستۆ.

لەو فیلمە ٢٠ خولەکییەدا هەروەها ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ناچار کراوە لە بەرانبەر بنەماڵەی کوژراوەکان، دان بە تاوانەکانیدا بنێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە