بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدرارەکانی ئێران کۆڵبەرێکی سەڵماسی برینداربوو
هەنگاو: کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی سەڵماس بەهۆی بەربوونەوە لەبەرزایی تووشی پێکان بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ڕۆژی سێشەممە (٣٠ی خەزەڵوەر / ٢١ی نۆڤەمبر)، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە سەری بە سەختی بریندار بووە.
هەواڵنێری “هەنگاو” لەشاری سەڵماس ناسننامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٩ ساڵەی “ئیسماعیل جەباری” ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە بەهۆی ڕاوەدوو نانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەڵدێریکەوە بەر بووەتەوە.
دۆخی جەستەیی ئیسماعیل ناجێگیر ڕاگەێندراوە ئێستا لە یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەریکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە و ٦ کۆڵبەریش بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین و بەربوونەو لە بەرزایی بریندار بوون.