ئورمیە / کوژران و برینداربوونی ١٢٠ کۆڵبەر لەماوەی ١١ مانگ دا

٣ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٧:٥١

هەنگاو: ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە پارێزگای ئورمییە لەماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا زیاترە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ لەهەموو کوردستاندا.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ هەتا ئێستا ١٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنووری پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی کە ٤٥ کەسیان کوژراون و ٧٥ کەسیشیان بریندار بوون.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٦ لە هەموو کوردستاندا ٤٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٢٨ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە، ١٠ حاڵەت بە هۆی ڕنوو و زوقم. و سەرما، ٦ حاڵەت بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئێران و بەربوونەوە لە بەرزایی و حاڵێەتێکش بە هۆی جەڵتەی دڵەوە تۆمار کراوە.

هەروەها، ٤٩ کۆڵبەر و کاسبکاریش بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون، ١٠ کەس بەهۆی ڕنوو و زوقم و سەرما، ٨ کەس بەهۆی ڕاوەدوونان و بەربوونەوە لە بەرزایی، ٥ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین، ٢ کەس بەهۆی تۆپبارانی ئێران و کەسێکیش بە هۆی کەوتنە ژێر بارەوە بریندار بووە.

لە پارێزگای ئورمیە شاری سەردەشت زیاترین ئامای قوربانی بوونی کۆڵبەرانی تێدا تۆمار کراوە، لەماوەی ئەو ١١ مانگەدا ٨ کۆڵبەری سەردەشتی کوژراون و ٢٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە