خۆکوشتنی ٥٧ ژن و کوژرانی ٢٢ ژن لە ماوەی ساڵێکدا

٤ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٦:٤٢

هەنگاو: بە بۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبر کە بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ناودێر کراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ ڕێژەی پێشێلکاری ژنان لە کوردستان لەماوەی ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٦هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ئەمساڵ بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ؛هەنگاو“ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٦ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) ڕێژەی توندوتیژی زیادی کردووە و لەو ماوەیەدا ٥٧ ژن و کچی کورد خۆیان کوشتووە و ٢٢ ژن و کچی کوردیش بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.

خۆکوشتنی ژنان کورد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ٥٧ ژن و کچی کورد خۆیان کوشتووە کە ٢٩ حاڵەتی لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە بووە، ١٦ حاڵەتی دیکە لە ڕیگای خۆسووتاندن، ٧ حاڵەت لە ڕیگای خواردنی حەب، ٢ حاڵەت لەڕێگای بەکارهێنانی چەک ، حاڵەتێک لە ڕێگای خۆخستنە خوارەوە لە بەرزایی و حاڵەتێکیش لە ڕێگای خۆ خستنە ناو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەوە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لەنێو کەو کەسانەی خۆیان کوشتووە کچانی تەمەن ١٠ ساڵ و ١٣ ساڵ دەبیندرێن و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ”هەنگاو“، ١٨ کەس لەو کەسانەی خۆیان کوشتووە تەمەنیان ژێر ٢٠ ساڵان بووە.

کوژرانی ژنان و کچانی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەو ماوە زەمەنییەدا ٢٢ ژن و کچی کورد کوژراون کە ٢٠ حاڵەتیان بە دەستی خزم و کەس و کاری نزیکی خۆیان وەکوو باوک، مێرد، برا، مام و ... بووە.

ئەم ئامارە تەنیا ئەوانەی لە خۆ دەگرێت کە لە ڕێگای ”هەنگاو“ و سەرچاوەکانی دیکەی هەواڵەوە بڵاو کراوەتەوە و ئاماری ڕاستەقینە لەمە زیاترە کە بە هۆی کەشی ئەمنیەتی زاڵ بە سەر کوردستان و ئیزن نەدانی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە لەلایەن میدیا خۆجێیەکانەوە، ئاشکرا نابێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە