محەممەد نەزەری لە بەندیخانەی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە

٤ سەرماوەز ٢٧١٧، ٢١:٥١

هەنگاو: محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد کە دوو حەفتە بەر لەئێستا لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە ڕؤژی هەینی (٣ی سەرماوەز / ٢٤ی نۆڤەمبر) دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە بە نیشانەی دەربرینی ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە.

نەزەری لەو ڕۆژەوە کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی ڕەوانەی بێهداری بەندیخانە کراوە و دوای پشکنینی پزیشکی پزیشکەکانی بەندیخانە ڕایان گەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە، ناوبراو دەبێ بە زوویی لە دەرەوەی بەندیخانە چارەسەری بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ڕێگرییان لێی کردووە.

  ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممە (٢٤ی خەزەڵوەر، ١٥ی نۆڤەمبر)، هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد فەقیەپوور و خالید فەرەیدوونی کە لەبەندی ١٠ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیرابوون، گوێزراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

هەروەها، محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا و لەدایکبووی ١٣٥٠ی هەتاوی ، ساڵی ١٣٧٣ ی هەتاوی لەبۆکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ماوەیەک پێش کۆتایی بە مانگرتنی ٩٩ رۆژەی خۆی هێنابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە