کرماشان/ ڕۆژنامەنووسێک بە تۆمەتی پشتگیری بوومەلەرزە لێدراوان دەستبەسەر کرا
هەنگاو: یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی بەرگری لە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو و ڕخنە گرتن لە حکومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی سەرماوەز / ٢٣ی نۆڤەمبەر)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری گێڵانی پارێزگای کرماشان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ؛ئەرژەنگ زەرگووش“ و دەستبەسەریان کردووە.
ئەرژەنگ زەرگووش سەرەتای حەفتەی ڕابردوو گرتەیەکی ڤیدۆییە لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە وێرای ڕخنە گرتن لە کەمکاری حکومەتی ئێران بە نیسبەت هاوکاری گەیاندن بە خەڵکی لێقۆما و بوومەلەرزە لێدراوی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندبوو کە زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوجەیە خوازیاری ڕووخانی حکومەتی ئێرانن و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە خیانەتکار ناوبردبوو.
پاش چوار ڕۆژ لە دەستبەسەر کران چارەنووسی ئەرژەنگ زەرگووش نادیارە و نازانرێ کە لە کوێ ڕاگیراوە.