محەممەد نەزەری بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

٦ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٨:٢٤

هەنگاو: محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری لە ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە مانی لە خواردن کردبوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، ڕۆژی یەکشەممە (٥ی سەرماوەز / ٢٦ی نۆڤەمبر)، دوای سێ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لەسەر ئەوەی کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکرێت، محەمەمد نەزەری بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێناوە.

محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە ڕؤژی هەینی (٣ی سەرماوەز / ٢٤ی نۆڤەمبر)  بە نیشانەی دەربرینی ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرتوبوو.

نەزەری لەو ڕۆژەوە کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی ڕەوانەی بێهداری بەندیخانە کراوە و دوای پشکنینی پزیشکی پزیشکەکانی بەندیخانە ڕایان گەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشیی گورچیلە، ناوبراو دەبێ بە زوویی لە دەرەوەی بەندیخانە چارەسەری بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ڕێگرییان لێی کردووە.

  ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممە (٢٤ی خەزەڵوەر، ١٥ی نۆڤەمبر)، هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی محەممەد فەقیەپوور و خالید فەرەیدوونی کە لەبەندی ١٠ی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیرابوون، گوێزراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

هەروەها، محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵڵا و لەدایکبووی ١٣٥٠ی هەتاوی ، ساڵی ١٣٧٣ ی هەتاوی لەبۆکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ماوەیەک پێش کۆتایی بە مانگرتنی ٩٩ رۆژەی خۆی هێنابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە