خۆبەخشێکی سنەیی حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٧ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠٢:٣٨

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە کە خۆبەخشانە هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان کۆ دەکردەوە، لەلایەن دادگای ئەو شارەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لقی چوارەمی بازپورسی دادگای شۆڕشی شاری سنە چالاکێکی مەدەنی بە ناوی “کاوە وەیسی” کوڕی سەعید بە تۆمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی پارێزگای کرماشان بە زیندان مەحکووم کرد.

هەواڵنێری “هەنگاو” لەشاری سنە ڕایگەیاند کە دادگای شۆڕشی سنە ڕۆژی یەکشەممە (٥ی سەرماوەز / ٢٦ی نۆڤەمبر) کاوە وەیسی بە یەک مانگ بەندکران مەحکووم کردووە.

کاوە وەیسی سەرەتای حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ئەو حوکمەی کە بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە، لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا بە هیچ شێوەیک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری پێ نادرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە