دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی بەهایی لە مەهاباد

٧ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٣:٣١

هەنگاو: هاووڵاتییەکی پێڕەوی ئایینی بەهایی ماوەی مانگێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەهابادەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، هاوولاتییەکی پێڕەوی ئایینی بەهایی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ”سامان میساقی“ ماوەی مانگێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

سامان کە لەدایکبووی ١٣٦٦ی هەتاوییە (١٩٨٧ی زایینی)، کاتێک لە تارانەوە گەڕاوەتەوە بۆ مەهاباد هەتا خانووەکەی باوکی بفرۆشێت لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعات بە سامانیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو دەبێ بە تۆمەتی ”سیخوری بۆ وڵاتانی بێگانە و شەڕ لەگەڵ خودا“  ڕادەستی دەزگای دادوەری بکرێت.

بەگوتەی کۆمەڵەی بەهاییانی نیشتەجێی ئورووپا، نزیک بە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە ئێراندا دەژین، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی ئێران ئایینی بەهایی بە فەرمی نەناسیوە و بەهاییەکان لەوڵاتی ئێران لە مافی خوێندن لە قۆناغەکانی زانکۆ و هەروەها دامەزران لە دەزگا حکوومییەکاندا بێبەش کراون.

ئایینی بەهایی لە ئیڕاندا وەک مەزهەب بە فەرمی نەناسراوە و حکوومەتی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بەردەوام بە پێشێل کردنی مافە مرۆیی و شارۆمەندییەکانی بەهاییەکان تاوانبار و مەحکووم کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە