هاووڵاتییەکی بەندکراو لە بەندیخانەی ڕەجایی شار خۆی کوشت / ئامار
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کورد پاش گوازرانەوە بۆ بەندی ئیعدامییەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شار ، خۆی هەڵواسی .
بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پارێزگای لوڕستان بەناوی " حەسەن لوڕ " بەهۆی دۆخی نالەباری دەروونییەوە، لە بەندی یەکی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە (٧ی سەرماوەز / ٢٨ی نۆڤەمبر) و پاش ڕاگواستنی بۆ بەندی یەکی بەندیخانەکە کە وەک بەندی ئیعدامییەکان ناسراوە، خۆی هەڵواسیوە و و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
حەسەن لوڕ ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی واتە ٥ساڵ بەر لە ئێستا دەستبەسەر و بە تۆمەتی " دزی و شەڕ " لە بەندی سێ گرتووخانەکە ڕاگیرابوو و بە تازەیی بۆ بەندی یەک گوازرابووەوە.
بە پشتبەستنە بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە ماوەی ئەمساڵدا ٤ هاووڵاتیی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران هەوڵی خۆکوژییان داوە کە ٣ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانە، ٥گیراوی دیکەی کورد بەهۆی ڕانەگواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، ئەشکەنجە و بە شێوەی گوماناوی لەو ماوەیەدا گیانیان لە دەست داوە.