٦ گیراوی شنۆ بە بارمتەی میلیاردی ئازاد کران

١٠ سەرماوەز ٢٧١٧، ٠١:١٣

هەنگاو: شەش کەس لە گیراوانی شاری شنۆ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی پێنج شەممە (٩ی سەرماوەز  ٣٠ نۆڤەمبر)، ٥ کەس لە گیراوانی شاری شنۆ کە پاش شەڕی قەرەسەقەل لە نێوان هێزەیکانی حیزبی دێموکرات و سوپای پاسداران دەستبەسەر و حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو ٥ کەسە بەهاری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، هەرکام لە حاسڵ عەزیزی مەحکووم بە ٢٥ ساڵ بەندکران، محەممەد زاهیر فەرامەرزی مەحکووم بە ٢٠ ساڵ بەندکران، یەعقووب بائەکرەم مەحکووم  بە ١٥ ساڵ بەندکرا ،  جەلال مەسرووی مەحکووم  بە ١٥ ساڵ بەندکران و  کەماڵ مەسرووری  مەحکووم بەبە ١١ ساڵ بەندکران ئەمڕؤ ئازاد کراون.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری شنۆ ڕایگەیاند کە ئەو ٥ بەندکراوە بە بارمتەی ٢٠٠ هەتا ٥٠٠ میلیۆن تمەنی  و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

پێشتریش سەدیق با ئەکرەم کە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا بوو.

لەلایەکی دیکەوە فەخرەدین ئەسریسی کوڕی عەلی کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە