بەرپرسانی بەندیخانەی بیرجەند ڕێگری لە چارەسەری پزیشکیی بەندکراوێکی سیاسی کورد دەکەن

١١ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٣:٠١

هەنگاو: بەرپرسانی بەندیخانەی بیرجەند، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باشوور  لە گواستنەوەی بەندکراوێکی سیاسی کورد کە حوکمی ٢٥ ساڵ بەندکرانی بسەردا سەپێندراوە بۆ دەرەوەی بەندیخانە بە مەبستی چارەسەریی پزیشكی ڕێگیری دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەشیتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، بێهزاد مەحموود نژاد، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ئێستا لە گرتووخانەی بیرجەند ناوەندی خورسانی باشوورلە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە گوشاری خراوەتە سەر و ئیزن نادەن کە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت.

ناوبراو لەکاتی دەستبەسەر کران گوللە بەر دەست و پشتی کەوتووە و ئێستا برینەکانی هەویان کردووە و تەندروستی بەرەورووی مەترسی بووەتەوە . هەرچەند پزیشکەکان بەندیخانەی ڕایان گەیاندووە کە پێویستە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت، بەڵام بەرپرسنای بەندیخانەی بیرجەند هەتا ئێستا ڕێگرییان لەو کارە کردووە.

 “بێهزاد مەحموودنەژاد” کوری عوسمان و خەڵکی ئاوایی “گیچە” سەر بە شاری سەڵماس لە لایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢٠ ساڵیش زیندانی هەلپەسێردرواوی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە، بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێران” دەرکراوە.

هەروەها دادگا سزای دوورخستەنەوەی ناوبراوی بۆ بەندیخانەی کاشمەر لە پارێزگای “خوراسانی رەزەوی” دەرکردووە و پاش ٦ مانگ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی بیرجەند.

یەکێک لە نزیکان بنەماڵەی “بێهزاد” لە پەیوەندییەکی  تەلەفۆنیدا لەگەڵ “هەنگاو”، سەڕەڕای پشت‌ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ناوبراو لەکاتێکدا بۆ شاری کاشمەر دوورخراوەتەوە کە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران و ئاورنەدانەوە لە برینەکەی لە کاتی دەستبەسەرکران، باڵی ڕاستی لەکار کەوتووە.

بێهزاد مەحموودنەژاد، ڕۆژی یەکشەمەی مانگی خەرمانانی ساڵ ١٣٩٥ی هەتاوی لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ئورمیە لە کاتێکدا دەستبەرکرا کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی سوپای پاسداران بریندار ببو.

لەم ڕووداوەدا هاووڵاتیەکی دیکەش بە ناوی “ئەرکان سەعیدی” بەتەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەستدا بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە